شێوازی داواکردنی نافەرمی لە زمانی کوردیدا بە پێی هەندێ لە ڕۆنانە کۆمەڵایەتییەکان

شێوازی داواکردنی نافەرمی لە زمانی کوردیدا

بە پێی هەندێ لە ڕۆنانە کۆمەڵایەتییەکان

د. شێرزاد سعید صدیق                         حاجی عبدالرحمن حاجی

زانکۆی سۆران/ فاکەڵتیی ئاداب             زانکۆی سۆران/ فاکەڵتیی پەروەردە

hajiabdulrahmanhaji@gmail.com                sherzad.sedeeq@soran.edu.iq

پوختەی

لەم توێژینەوەیەدا تیشک دەخەینە سەر داواکردنی نافەرمی لە زمانی کوردیدا، بۆ ئەم مەبەستەش گرنگی بەچەند ڕۆنانێکی کۆمەڵایەتی جیاواز دەدەین، وەک: تەمەن، رەگەز، ئاستی خوێندەواری... هتد. توێژینەوەکە دەچێتە چوارچێوەی زمانەوانیی کۆمەڵایەتی، میتۆدی توێژینەوەکە چەندایەتی و (شیکاری - وسفی)یە، داتاکان لەڕێگەی ڕاپرسییەکی تایبەت کۆکراوەتەوە، بۆ شیکردنەوەیان سود لە بەڕنامەی (Spss)وەرگیراوە.

ئەم توێژینەوەیە هەوڵدەدات وەڵامی ئەم پرسیارانە بداتەوە: شێوازی داواکردن لە نێوان ئەندامەکانی خێزاندا چۆنە؟ چ جۆرە ستراتیژییەک بەکاردێت؟ ڕۆنانە کۆمەڵایەتییەکان کاریگەرییان لەسەری هەیە؟

توێژینەوەکە دوو تەوەرەیە، یەکەم: باسی شێواز و جۆرەکانی و ستراتیژەکانی کراوە. دووەم: کاریگەری چوار فاکتەری: رەگەز، تەمەن، ئاستی خوێندەواری و پلە و پایەی کۆمەڵایەتی لە شێوازی داواکردنی نافەرمی پیشاندراوە.

 

وشە کلیلیەکان: کۆزمانەوانی، شێواز، ستراتیژەکانی داواکردن.

شێوازی داواکردنی نافەرمی لە زمانی کوردیدا

بە پێی هەندێ لە ڕۆنانە کۆمەڵایەتییەکان

پێشەکی

شێوازی داواکردن پەیوەستە بە چۆنیەتی پەیوەندیکردن لە ڕێگای زمانەوە. لەم لێکۆڵینەوەیەدا دوای پێناسەکردنی شێوازی داواکردن و دیاریکردنی چەمکەکەی، لەچوارچێوەی زمانەوانی کۆمەڵایەتیدا شیدەکەینەوە و تیشک دەخەینە سەر جۆرەکانی داواکردن لە زمانی کوردیدا، بۆ ئەم مەبەستەش گرنگی بەچەند ڕۆنانێکی کۆمەڵایەتی جیاواز دەدەین، چونکە ناکرێ ئەم ڕۆنانە کۆمەڵایەتییانە پشت گوێ بخرێن ، ئەم ڕۆنانە کۆمەڵایەتییانە کاریگەرییان لەسەر داواکردندا هەیە، مەرج نییە ڕادە و رێژەی ئەم کاریگەرییانە لە هەموو زمانێک وەک یەک بێ و لە هەمان کاتدا دەشێ کاریگەری ئەم ڕۆنانانە لە تاکە زمانێکیشدا جیاوازبن. ئەم بوارە پەیوەستە بە لێکۆڵینەوە نوێیەکانی بواری زمانەوانیی بەتایبەتیش لای ئەوروپییەکان کە لە ژێر ناوی )ستایل) پێناسەکراوە.

مرۆڤەکان بە مەبەستی جیاواز پەیوەندی بە یەکترییەوە دەکەن، یەکێک لەم مەبەستانە داواکردنە، شێوازی داواکردنيش لای هەموو قسەکەرانی زمان وەک یەک نییە، ئەمەش دەکرێ هەریەک لەم شێوازە جیاوازانەی داواکردن لەژێر کاریگەری تەمەن، رەگەز، ئاستی خوێندەواری ... هتد بێت.

توێژینەوەکە کراوەتە دوو تەوەرە، لە تەوەرەی یەکەم دا، لە رووی تیۆرییەوە باسی شێواز و جۆرەکانی و ستراتیژەکانی داواکردن کراوە.  لە تەوەری دووەمیش کاریگەری چوار فاکتەری رەگەز، تەمەن، ئاستی خوێندەواری و پلە و پایەی کۆمەڵایەتی لە شێوازی داواکردنی نافەرمی لە زمانی کوردی پیشاندراوە.

١- شێواز و جۆرەکانی

لێکۆڵینەوەیەکی زۆر لەسەر شێواز کراوە و پۆلینی جیاواز بۆ جۆرەکانی کراوە، ئەوەی لێرەدا ئێمە باسی دەکەین بریتییە لە شێوەی ئاخاوتنی قسەکەر، کە لە کاتی دەربڕینی‌دا چ شێوازێک بەکاردێنێت، هەروەها سەبارەت بە جۆرەکانی باس لە شێوازی فەرمی و نافەرمی دەکەین، “بێگومان کاتی دروستبوونی پەیوەندییەکە ئەوە دیاری دەکات، کە چ شێوازێکی زمان بەکاربهێنین”( ئارام عبدلواحید:٢٠١٣: ٢٢٥). هەروەها زاراوەی شێواز و پێناسە جیاوازەکانی ده‌خه‌ينه‌ روو.

١-١- زاراوە ، چەمک و پێناسەی شێواز

شێواز، ئەو ڕێگا تایبەتییەیە کە قسەکەرانی زمانێک بۆ دەربڕینی بیرۆکەکانیان بەکاری دەهێنن، هەموو قسەکەرانی کۆمەڵگا ڕۆژانە بەهۆی زمانەوە پەیوەندی لەگەڵ دەوروبەریاندا دەکەن. هەر تاکێک شێوازێکی جیاوازى تايبه‌ت به‌ خۆى زمان لەناو کۆمەڵگادا بەکار دەهێنێت. شێواز وەکو زاراوەیەک سەرەتاکانی سەرهەڵدانی بۆ نەتەوەکانی ئەوروپا دەگەڕێتەوە، لە‌زمانە ئەوروپیيه‌كان (style)ی پێ‌دەگوترێت، “شێواز بنەچەکەی لە وشەی (stylus)ی لاتینییەوە هاتووە، كه‌ جۆرە ئامێرێک بووە  بۆ نووسین و هەڵکەندن لەسەر تەختەی مۆم بەکارهاتووە” (ژوان عەبدولسەلام: ٢٠١٤: ٥٨). ئەم زاراوەیە بە تێپەڕینی کات بەچەند مەبەستێکی جیاواز بەکارهاتووە واتا مێژووی و سەرەتاکەی خۆی لەدەستداوە، دەکرێت ڕێڕەوی گۆڕانی واتاییەکەی بەم شێوەیە بخەینەڕوو لە ناوێک بۆ ئامرازێکی نوک تیژی مەعدەنی، لەسەدەی چواردەی زایینی گۆڕاوە بۆ ئاوڵناوێک بەمەبەستی “ گوزارشت کردن لەسەر چۆنیەتی جێ‌بەجێ‌کردن  بۆ چۆنیەتی گوزارشت کردن، لە سەدەی شانزەی زایینی، تا لە سەدەی حەڤدەهەم واتاکەی لەسەر چۆنیەتی چارەسەرکردنی بابەتێکی دیاریکراو لە چوارچێوەی هونەرە جوانەکان کورت بوویەوە. دوای هەموو ئەو واتای زاراوەیی شێواز لە بواری نووسیندا، لەسەر چۆنیەتی نووسین لەلایەک و لە لایەکی‌ترەوە چۆنیەتی نووسینی تایبەتی نووسەرێکی دیاریکراو، یان رەگەزێکی دیاریکراو، یان سەردەمێکی دیاریکراو کورتمایەوە” (ئیدریس عەبدولڵا: ٢٠١١: ١٤).

لە بەشێکی زۆر لەو لێکۆڵینەوانەی لەسەر شێوازی شیعری شاعیران کراوە، شێواز وەک چەمکێکی ئەدەبی سەیر کراوە،  لەم لێکۆڵینەوەیەدا زیاتر تیشک دەخەینە سەر شێوازی قسەکردنی ڕۆژانەی خەڵک، بە تایبەتی شێوازی دەربڕین  لەکاتی داواکردندا.

بەهۆی تێڕوانینی جۆراوجۆرەوە بۆ شێواز و شێوازناسی، پێناسەی زۆری بۆ کراوە، زمانەوانان لەسەر پێناسەیەک بۆ شێواز ڕێکنەکەوتوون، هەریەکە و بەجۆرێک بەپێی تێڕوانین و تێگەیشتنی خۆی لە چەمکی شێواز پێناسەی کردووە و ڕای خۆی دەربڕیوە، هەروەکو پیتەر هالبێرگ دەڵێت: شێواز پێویستە شیکردنەوە و پێناسەی تەواوی بۆ بکرێت. ئەمەش ئاسان نییە، چونکە شێواز خودی نوسەرەکەیە، هونەرمەندەکە خۆیەتی، تایبەتە بە شێوازی دەربڕین و ئاوازی خودی کەسایەتی نووسەرەکەوە، وەک پێکەنین، ڕۆیشتن، دەست نووس و دەربڕینەکانی دەم و چاو (پیتەر هاڵبیرگ و دانەرانی‌تر: ٢٠١٠: ١٧٣). لێرەدا بەگرنگی دەزانین کە بێینە سەر هەندێ لەو پێناسە و باسانەی کە دەربارەی شێواز کراوە. (چارلز بالی) بۆ پێناسەکردنی شێواز دەڵێت:( شێواز ڤەکۆلینێ ل سەر وان ڕەگەزان دکەت ئەوێن کارتێکرنا خۆ ل سەر زمانێ دکەن) (ئارا علی: ٢٠٠٨: ٢٨).

یەکێکی‌تر لەو پێناسە گرنگانەی کە زۆربەی زمانەوانەکان لەڕووی مێژووییەوە بە یەکەم پێناسەی شێواز لە قەڵەم دەدەن، پێناسەکەی زمانەوانی فەرەنسی (بۆفۆن)ە، کە دەڵێت: “شێواز بریتی‌یە لە خودی کەسەکە خۆی” ( فیلی ساندریس: ٢٠٠٣: ١٨). هەروەها لە پێناسەیەکی تری‌دا بۆ شێواز دەڵێت: “شێواز ب دوماهیک ناهێت و ناهێتە ڤەگوهاستن و ناهێتە گوهارتن ژی، چونکی ئەو مرۆڤ بخۆیە” (نعمت اللە حامد: ٢٠٠٧: ٣٧). لەم پێناسەیە مۆرکی تاکە کەسی لەسەر شێواز بەدی دەکرێ و هەر تاکێکی کۆمەڵگا کە پەروەردەی دەوروبەری زمانی و کۆمەڵایەتی جیاوازە، لە ئەنجامەوە خاوەنی گەنجینەی وشە و زاراوەی جیاواز و توانستی تایبەتی خۆیەتی، ئەمەش وا دەکات تایبەتمەندی لە ئاخاوتنی‌دا بەدیبکرێت و زۆرجار کەسەکان بەپێی شێوازەکانیان دەناسرێنەوە.

شێواز لە زماندا بریتی‌یە لە: هەڵبژاردن لە نێوان چەند دەربڕینێکی هاوشاندا (ئارام عبدلواحید: ٢٠١٣: ٢٢٣). هەروەها یەکێکی‌تری وەکو ڕیڤاتیر کە لەم بوارەدا جێ‌پەنجەی دیارە، ئەم زمانەوانە پشت دەبەستێت بەو دەربڕینانەی کە قسەکەر دەریدەبڕێت و کار دەکاتە سەر گوێگر، لەم ڕوانگەیەوە سنوور بۆ شێواز دادەنێت و وا پێناسەی دەکات کە بریتی‌یە لە دەرخستنی هەندێ لە ڕەگەزە زنجیرەییەکانی ئاخاوتن، کە وا لە خوێنەر دەکەن ئاگاداریان بێت و سەرنجیان بداتێ، بەجۆرێک ئەگەر لێیان داببڕێت دەقەکە تێکدەچێت، ئەگەر شیکردەوە ئەوا بەڵگە جیاکەرەوە تایبەتەکەی ئەم دەقە دەبینێ (عبدالسلام المسدی: د ت : ٨٣). هەروەها پێناسەیەکی‌تری شێواز “ئەگەر شێواز بۆ پێناسە بنەرەتییەکەی گەڕێندرایەوە، ئەوا مانای ئەو ڕێگایە دەگەیەنێت کە دەربڕینی بیری بەهۆی زمانەوە پێ‌ئەنجام دەدرێت” (بییرجیرو: ١٩٩٤: ٥). یاخود شێواز بریتی‌یە لەو ڕێگایەی کە نووسەر بۆ هەڵبژاردنی وشەکان و دەربڕینیان و داڕشتن و نووسینی وشەکان هەڵیدەبژێرێت، بە مەبەستی ڕوونکردنەوە و کاریگەریی لەسەر وەرگر (احمد شایب: ١٩٩١: ٣٦).

لێرەدا بۆمان دەردەکەوێت کە پێناسەیەکی دیاریکراو بۆ شێواز کارێکی ئاسان نییە، بەهۆی ئەو پێناسە زۆرەی کە بۆ شێواز کراوە، هەر یەکەو بە تێڕوانینێکی جیاواز سەیری شێوازی کردووە و پێناسەی کردووە، بەڵام ئەوەی گرنگە لای ئێمە ئەوەیە کە شێواز دیاردەیەکی زمانی گشتگیرە، تەنیا تایبەت نییە بە ئەدەبەوە. هەر تاکێکی کۆمەڵگا بۆ دەربڕینی ئەو بیرۆکانەی کە دەیەوێ دەریببڕێ شێوازێکی تایبەتی خۆی هەیە کە جیای دەکاتەوە لە تاکێکی‌تر.

١-٢- شێوازی داواکردن:

داواکردن بریتییە لە ویستی دەربڕاوی قسەکەرێک بۆ گوێگر و چاوەڕوانی ڕاپەڕاندنی داواکە دەکات لە بەرانبەرەکەیەوە یاخود داواکردن “ئاخاوتنێکە بەکاردێت بۆ گواستنەوە یان ئاراستەکردنی داوا بۆ داوالێکراو بۆ ئەنجامدانی شتێک، کە لە قازانجی داواکەرەکەیە، جا ئەم داوایە دەکرێت بۆ مەبەستی جۆراوجۆربێت، وەکو وەرگرتنی زانیاری، ئەنجامدانی کارێک، یان بەدەستهێنانی شتێک” (Maan MuhammedAubed: 2012: 916). هەرچەندە مەرج نییە بەشێوەیەکی یەکلاکەرەوە بێ کە لە گشت بارەکاندا قازانجی داواکە لە بەرژەوەندی و قازانجی قسەکەربێت. دەکرێ لە هەندێ باردا، پێچەوانەی ئەوە ڕاستبێ و گوێگر سودمەندی راستەقینەبێت وەک:

-           دەتوانی ژوورەکەت پاک بکەیتەوە؟

لەم نمونەیەدا سودمەندی ڕاستەقینە لە پاکبوونی ژوورەکە خودی گوێگرەکەیە. ڕۆنانە کۆمەڵایەتییەکانی وەکو تەمەن و ڕەگەز و پیشە و ئاستی خوێندەواری و ...هتد. کاریگەرییەکی تەواویان لەسەر شێوازی دەربڕینەکە دەبێت. داواکردن کردەیەکی زمانیە، کە قسەکەر داوا لە گوێگر دەکات و دەیەوێت ئەو کردەیەی بۆ جێ‌بەجێ بکات. لەکاتی داواکردندا، لەوانەیە گوێگر هەست بەوە بکات، کە داواکردنەکە سنوری ئازادی دەبەزێنێت بۆ جێ‌بەجێ‌کردنی‌، یاخود لەو هێزەی کە دەری دەبڕێت، فشار دەخاتە سەر گوێگر بۆ جێ‌بە‌جێ‌کردنی، لەوانەیە دوو دڵ بێت، بۆ داواکردنەکە، لەترسی ئەوەی کە شتێکی تری پێویست بێت. یان لەترسی ئەوەی لەوانەیە وا لە وەرگر بکات، لێی تێک‌بچێت. ئەمەش لەو کاتەی کە داواکارییەکان، گرنگییەکی شاراوەیان هەیە کە ببێتە شتێکی داواکراو و بێزارکەر، لەو کاتە پێویستە داواکار ئەو شتە لەسەری بچوک بکاتەوە و کەمی بکاتەوە لە کاتی داواکردنەکە، بۆ ئەوەی ئەو داواکردنە نەبێتە داخوازی ( Gu Xiao-le: 2011: 108). “داواکردن لەرووی زاراوەوە بە واتای خواستن، داواکردن یان ویستن دێت و لەرووی چەمکەوە داواکردن بە واتای ئارەزووی ئەنجامدان یان ئەنجام‌نەدانی شتێک دێت، کەوا قسەکەر داوا لە گوێگر دەکات بۆی جێ‌بەجێ بکات” ( حسن علی ابراهیم: ٢٠١٥: ٣٣).  کەواتە لە داواکردندا مەرجە قسەکەر و گوێگر بوونیان هەبێت. تەمەنی قسەکەر و ڕەگەز و پلەوپایە و ئاستی ڕۆشنبیری، کاریگەری لەسەر شێوازی دەربڕینەکانی‌دا دەبێت، لە داواکردندا دەتوانین هەست بە بوونی جیاوازی لە نێوان شیوازی خوێندەوارێک لەگەڵ نەخوێندەوارێک بکەین، ئەمەش بە هۆی ئەو وتە و وشانەی کە لە کاتی ئاخاوتنی‌دا هەڵیدەبژێرێ و دەریدەبرێت بۆ ئەنجامدانی کردەی داواکردنەکە. “دەکرێ پلەوپایەی کۆمەڵایەتییان یەکسانبن، دەشگونجێ جیاوازبن. ئەگەر پلەوپایەی قسەکەر لەهی گوێگر نزمتربوو، ئەوا قسەکەر داوا دەکات، بەڵام لە ئاستیکی ڕۆشنبیری بەرزدا ئەگەر پلەوپایەی قسەکەر بەرزتربێت، ئەوا داواکردنەکە شێوازێکی شارستانییانە وەردەگرێت، کە دەکرێ بەشێوەی فەرمانێکی توند فەرمانی بەسەردا بکات. بۆیە مەرج نییە داواکردن تەنیا لەنێوان پلەوپایە یەکسانەکاندابێت. قسەکەر ڕێزی گوێگر دەگرێت و ئاوازی دەربڕینەکەش دەریدەخات کە دەربڕینەکە تەنها داواکردنەکە یان مەبەستی‌تری وەک ناڕەزایی و گلەیی و فەرمانکردن و ... هتد لەگەڵدایە” ( هێمن عبدالحمید: ٢٠٠٦: ١١٢). بۆیە گرنگ نییە، کە قسەکەر یاخود گوێگر سەر بە چ چینێکی کۆمەڵایەتی‌بن یاخود چ پلەوپایەیان لە کۆمەڵدا هەبێت، بۆ ئەنجامدانی کردەی داواکردن. داواکردن لە نێوان هەموو چینە کۆمەڵایەتییەکان و پلەوپایە و ئاستی خوێندەواری‌دا هەیە، ئاواز و شێوازی دەربڕینی وتە و وشەکان لە داواکردندا، جۆری داواکردنەکە دەستنیشان دەکات. شێوازی داواکردن دەبێتە دوو جۆر ئەوانیش شێوازی داواکرنی فەرمی و شێوازی داواکردنی نافەرمییە.

١-٢-١- شێوازی داواکردنی فەرمی:

شێوازی داواکردنی فەرمی زیاتر لە نێوان ئەو کەسانەدا دروست دەبێت، کە پێگەی کۆمەڵایەتییان جیاوازە هەروەها لەنێوان ئەو کەسانە دروست دەبێت، کە ناسیاوی زۆریان لەگەڵ یەکتردا نییە، یاخود مەبەست لە شێوازی داواکردنی فەرمی ئەو جۆرە ئاخاوتنەیە کە لەو بوارە کۆمەڵایەتییانەدا بەکاردێت کە فەرمین. شێوازی دەربڕینی کردەی داواکردن لە کۆمەڵگادا گرنگە، بۆیە پێویستە قسەکەر ئاگاداربێت لە شێوازی دەربڕینەکەی. ئەو بوارەی کە ئەم جۆرە شێوازەی تێدا بەکاردێت زۆرە، لەوانە داواکردن لە کەسێک کە لە لایەنی کۆمەڵایەتییەوە گرنگ بێت هەروەها کەسێک کە پێگەیەکی بەرزی هەبێت لە کۆمەڵگادا (بێریڤان محەمەد شەریف: ٢٠١٠: ٥٢). بۆ نمونە کاتێک کەسێک لە دادگادا بەرامبەر دادوەر دەوەستێت و داوای لێدەکات کە بواری بداتێ بۆ ئەوەی بێتاوانی خۆی بسەڵمێنێت. لێرەدا پێویستە قسەکەر بەوردی وشە و زاراوەکانی هەڵبژێرێت و کردەی داواکردنەکەی دەرببڕێت.

١-٢-٢- شێوازی داواکردنی نافەرمی:

شێوازی داواکردنی نافەرمی ئەو جۆرە شێوازەیە کە لەنێوان هاوڕێیاندا بەکاردێت، بەپێچەوانەی شێوازی داواکردنی فەرمی ئەم جۆرەیان لە نێوان ئەو کەسانەدا بەکاردێت کە ئاسایی و ناسیاون. زمان لەم شێوازەدا زمانی ئاخاوتنی خەڵکی سادە و ئاساییە، لەگەڵ بەکارهێنانی ئەو دەربڕینانەی کە تایبەتن بەکار و پیشەی ڕۆژانەیان. لەم جۆرەدا ئەگەر داواکار لە چینێکی رۆشنبیریش‌بێت، یاخود پێگەیەکی کۆمەڵایەتی بەرزیشی هەبێت لە کۆمەڵگادا ئەوا هەر بە زمانێکی ئاسایی قسە دەکات و لە ڕۆتین و شێوازی داواکردنی فەرمی دوور دەکەوێتەوە (هێمن عەبدولحەمید شەمس: ٢٠٠٦: ٣٩). بۆ نمونە دوو ماموستای زانکۆ کە هاوڕێی یەکترن دەبینین لەکاتی دەوامی فەرمی لە زانکۆدا بەزمانێکی فەرمی قسە دەکەن و داواکارییەکانیان دەردەبڕن، بەڵام لە دەرەوە بە زمانێکی ئاسایی گفتوگۆ دەکەن و داواکارییەکانیان دەردەبڕن.

١-٣- ستراتیژییەکانی شێوازی داواکردن:

پێشتر باسی دوو جۆر شێوازی داواکردنی فەرمی و نافەرمیمان کرد، دەکرێ هەریەک لەم شێوازانە بە چەند شێوەیەک دەرببڕن کە ئەمانە ناودەنێین تەکنیکەکانی داواکردن یاخود ستراتیژییەکانی داواکردن، کە تیایدا جەخت لەچۆنییەتی داواکردن دەکەین لە ڕووی زمانەوە، بەڕەچاوکردنی ئەو لایەنەی کە چۆن قسەکەر داوا لە گوێگر دەکات، ئەم ستراتیژییانە بۆ هەردوو شێوازی فەرمی و نافەرمی بەکاردێن. لێکۆڵەران چەند جۆرێک ستراتیژی داواکردنییان دیاریکردووە، لەوانە (بلۆم کالکا و ئەوانیتر) نۆ جۆریان دیاریکردووە و دابەشی سەر دوو ئاستی دەکەن، کە بریتین لە (داواکاری ڕاستەوخۆ و داواکاری ناڕاستەوخۆ)، داواکاری ڕاستەوخۆ پێک دێت لە (هەوەسی جۆراوجۆر، کرداری ڕوون و ئاشکرا، جێبەجێ‌کردنی سنوردار، دەستەواژەکانی ناچارکردن، دەستەواژەکانی خواستن)، هەروەها داواکاری ناڕاستەوخۆ پێک دێت لە (ستراتیژی ناڕاستەوخۆی ئاسایی ئەویش دوو جۆرە، شێوازی پێشنیار و شێوازی پرسیاری ئامادەکراو، هەروەها ستراتیژی ناڕاستەوخۆی نائاسایی کە ئەویش دوو جۆرە، ئاماژەی بەهێز و ئاماژەی سادە) (Eunice Mukonde: 2009: 39). توێژەر باس لە هەشت جۆری ستراتیژی داواکردن دەکات و دابەشی سەر سێ ئاستی دەکات (Xiuping Han: 2013: 110).

هەروەها (Gu Xiao-le) هەشت جۆری ستراتیژی داواکردنی دیاریکردووە و دابەشی سەر سێ ئاستی دەکات کە لە خوارەوە باسیان دەکەین و لەم توێژینەوەیەدا پشت بەم تیۆرە دەبەستین.

خشتەی ژمارە (1) ستراتیژییەکانی شێوازی داواکردن

(Gu Xiao-le: 2011: 108).

داواکردن دەکرێت بەدوو بەشەوە، داواکردنی ڕاستەوخۆ و داواکردنی ناڕاستەوخۆ. بەکارهێنانی داواکردنی ڕاستەوخۆ یان داواکردنی ناڕاستەوخۆ پشت بەچەند هۆکارێکی کۆمەڵایەتی دەبەستێت وەکو: پایەی کۆمەڵایەتی و ڕەگەز و تەمەن و ... هتد. بەگوێرەی ئەم جۆرە جیاوازانەی هۆکاری کۆمەڵایەتی، قسەکەر هەوڵ دەدات، داواکارییەکی ڕێک و پێک و سەرکەوتوو دروست بکات و گوێگر داواکارییەکەی بەسەرکەوتوویی بۆ جێ‌بەجێ بکات. لەم دۆخەدا قسەکەر هەوڵدەدات یەکێک لە شێوازەکانی داواکردن بەکاربێنێت بۆ داواکارییەکەی (Mhammed T. Aldhulaee:2011 : 5). داواکردنی ڕاستەوخۆ و داواکردنی ناڕاستەوخۆ هەر یەکەو چەند ستراتیژییەک دەگرێتەوە، کە ئەمانەن:

١-٣-١- ستراتیژی ڕاستەوخۆ

ئەم شێوازە داواکردنە، قسەکەر بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ  داوا لە گوێگر دەکات، کە کارێک ڕاپەڕێنی و کردەیەک ئەنجام بدات. لەم شێوازەدا چاوەڕێ دەکرێت قسەکەر لەڕووی دەسەڵات یاخود تەمەن یان پایەی کۆمەڵایەتی بەرزتربێت لە گوێگر. داواکردنی ڕاستەوخۆش دەبێتە چەند جۆرێک:

١-٣-١-١- شێوازی فەرماندان

شێوازی فەرماندان، جۆرێکە لە داواکردنی ڕاستەوخۆ، قسەکەر داوایەک ئاراستەی گوێگر دەکات، بۆ جێ‌بەجێ‌کردنی خواست و داواکارییەکانی ، ئەمەش بەپێی دەسەڵات و کەسایەتی قسەکەرەکە دەگۆڕێت. “قسەکەر گوتەکانی بەشێوەیەکی ئاشکرا و ڕاستەوخۆ ئاراستەی گوێگر دەکات و فەرمانی بەسەردا دەکات، کارێک یان کردەیەک ئەنجام بدات. فەرمانی ڕاستەوخۆش واتایەکی ڕوون و دیاری هەیە، قسەکەر بەشێوەیەکی ڕوون و ئاشکرا گوتەکەی بە گوێگر ڕادەگەیەنێت، کە خۆی لە شێوازی فەرماندان یان داواکاری دەنوێنێ، بۆ جێ‌بەجێ‌کردنی یان جێ‌بەجێ‌‌نەکردنی هەر کردەیەک کە بییەوێت” (تاڵیب حوسێن علی: ٢٠١٤: ٢٥٠). ئەمەش لەکاتێکدا کە قسەکەر دەسەڵاتی یاخود پلەوپایەی یان تەمەنی بەرزتربێت. هەروەها داواکارییەکەش لە توانای گوێگربێت بۆ جێ‌بەجێ‌کردنی. بۆ نمونە باوکێک بە کوڕەکەی بڵێت: پەنچەرەکە دابخە!

یاخود کاتێک دایک بە کچەکەی دەڵێت: چێشتخانەکە خاوێن بکەوە!Eunice) Mukonde: 2009: 41).  

لەم دوو نمونەیەدا قسەکەر لەڕووی تەمەنەوە گەورەترە لە گوێگر و داواکەش لەتوانای گوێگردایە بۆ جێ‌بەجێ‌کردنی.

١-٣-١-٢- شێوازی کرداری

ئەم جۆرە شێوازە بریتییە لە جێ‌بەجێ‌کردنی کارێک لەلایەن گوێگرەوە،کە داواکار داوای لێدەکات کارەکەی بۆ ئەنجام بدات، لەم جۆرەدا لەکاتی دەربڕیندا هێزی نادیاری وشەکان بەڕوونی وتراون. بۆ نمونە خاوەن ماڵێک بەخزمەتکارەکەی دەڵێت:

- داوات لێ‌دەکەم، ژوورەکە پاک بکرێتەوە.

لێرەدا قسەکەر پایەی بەرزترە لە گوێگر و دەسەڵاتی زیاترە، بۆیە دەبێت گوێگر ئەو داواکارییەی بۆ جێ‌بەجێ‌بکات بەشێوەیەکی کرداری، کە “داواکە بەشێوەیەک کراوە بریتییە لەبەکارهێنانی هێزی دەربڕین کە بەشێوەیەکی ڕەوان باسی لێکراوە” بۆ نمونە:  

- من پێت دەلێم ئەو شوێنە پاک بکەوە. (Khalid Tag-Eldin: 2016: 69).   

١-٣-١-٣- شێوازی ناچارکردن

لەم جۆرە شێوازەدا قسەکەر دەسەڵاتی بەرزترە لە گوێگر، شێوازەکە ڕاستەوخۆیە، کە داوا لە گوێگر دەکات بە ناچارییەوە کارەکە ئەنجام بدات. هەروەها ئاوازی دەربڕینەکەشی بەرزە، بەو شێوەیە کە خۆی باڵادەستتر و بە دەسەڵاتتر دەزانێ و قسەکەر خۆی بەدروست و شایەن دەزانێ بۆ ئەو دەربڕینەی کە دەری دەبڕێت و گوێگر ناچار دەکات بۆ ئەنجامدانی. بۆ نمونە:

- هەر دەبێت ژووری نووستن پاک بکەیتەوە.

لەم شێوازەدا ئەو وشانە دەردەبڕێن کە گوێگر ناچاردەکات و پێویستە کارەکان جێ‌بەجێ‌بکات وەک (دەبێت، پێویستە.. هتد)، ئاسایی ئەم دەربڕینانە لەلایەن ئەو کەسانەوە دەبێت کە پایەی بەرزتری هەبێت لە گوێگر (Eunice Mukonde: 2009: 41).  لە زمانی چینی‌دا بۆ دەربڕینی شێوازی ناچارکردن (پێویستە) بەکاردێنن بۆ نمونە: پێویستە یارمەتیم بدەی. بەڵام لە زمانی ئینگلیزی‌دا (دەبێت) بەکاردێت، وەک: دەبێت زوو بگەڕێیەوە. (Xiuping Han: 2013: 1100).

١-٣-١-٤- شێوازی داخوازی

ئەم جۆرە شێوازە بریتییە لە داواکردنی کارێک، کە گوێگر جێ‌بەجێی ‌بکات، قسەکەر ئەو شتەی کە دەیەوێت بە گوێگری دەڵێت، زیاتر بەشێوەی خواستنە، “ئەم دەربڕینانەش باس لە ویست و پێویستی و داواکاری و حەز و ئارەزووی قسەکەر دەکەن کە گوێگر دەبێت ئەنجامی بدات” (Eunice mukonde: 2009: 49) یاخود “شێوازی داخوازی، ئەو داخوازییانەیە کە باس لە دەربڕینی خواستی قسەکەر دەکات و گوێگر ئەنجامی دەدات” (Khalid Tag -Eldin: 2016: 69). بۆ نمونە: دەمەوێ وازبێنی لە دروستکردنی دەنگە دەنگ.

ئەم جۆرە شێوازە بەوە جیا دەکرێتەوە لە شێوازەکانی‌تر کە زیاتر وشەکانی (دەمەوێ، هیوام وایە، حەزدەکەم ... هتد) بەکاردێت بۆ گەیاندنی پەیامی قسەکەر بۆ گوێگر و جێ‌بەجێ‌کردنی حەز و ئارەزووی قسەکەر. 

١-٣-٢- ستراتیژی ناڕاستەوخۆی ئاسایی

ئەم شێوازە داواکرنە، یەکێکە لە جۆرەکانی داواکردنی ناراستەوخۆ کە قسەکەر داواکەی بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ و ئاسایی و هێزێکی کەم دەردەبڕێت، زمانەوانان دابەشی دوو جۆری دەکەن:

١-٣-٢-١- شێوازی پێشنیاز

ئەم شێوازە داواکردنە ناڕاستەوخۆیە، قسەکەر داواکەی بە شێوەی پێشنیاز دەردەبڕێت، بەجۆرێک کە لەبەرژەوەندی قسەکەر و گوێگربێت، ئەمەش بریتییە لە دەربڕینی پێشنیازی قسەکەر کە گوێگر دەبێت ئەنجامی بدات، وەک:

- ڕات چیە لەبارەی شوشتنی قاپەکان؟ (Eunice Mukonde: 2009: 41).  

هەروەها پێشنیاز “ئەو داوایانەیە کە پێشنیازکردن لە خۆ دەگرێتەوە بۆ ئەنجامدانی هەرشتێک” (Khalid Tag -Eldin: 2016: 69). لێرەدا بۆ ئەوەی گوێگر داوکارییەکە بە ئاسایی وەربگرێ و بە فەرمان یاخود بێڕێزی نەزانێ و جێ‌بەجێ‌ی بکات، قسەکەر داواکارییەکەی بە شێوەی پێشنیاز و ناڕاستەوخۆ دەردەبڕێ و گوێگر ئازاد دەکات لە جێ‌بەجێکردنی داواکە یاخود جێ‌بەجێ‌نەکردنی.

 

١-٣-٢-٢- شێوازی پرسیار

ئەم جۆرە شێوازە یەکێکە لە جۆرەکانی شێوازی ناڕاستەوخۆی ئاسایی، کە قسەکەر داواکەی بەشێوەیەکی پرسیار دەردەبڕێت، “ئەم جۆرە بریتییە لە جۆری سەرەکی کە بەڕوونترین جۆری داواکردن دادەنرێت لە زمانی ئینگلیزی‌دا بە جۆرێک کە پرسیارکردن بە بەشی سەرەکی دادەنرێت” (Eunice Mukonde: 2009: 41). بۆ نمونە: دەتوانی ژوورەکە پاک بکەیتەوە؟

هەروەها لە زمانی چینی‌دا دەڵێن: دەکرێ کارێکم بۆ بکەی؟

لەزمانی ئینگلیزیشدا بەم شێوەیە داواکردنەکە دەردەبڕن: کێشەت نییە، ئەگەر ئەو دەرگایە دابخەی؟ (Xiuping Han: 2013: 1100).

لەم جۆرەدا قسەکەر داواکارییەکەی بە پرسیار دەردەبڕێت و پرسیارکردن دەبێتە بەشی سەرەکی داواکردنەکە، هەروەها رای گوێگر وەردەگیرێت کە تا چەند قاییلە یاخود لە توانای‌دا هەیە بۆ جێ‌بەجێ‌کردنی داواکارییەکە.

١-٣-٣- ستراتیژی ناراستەوخۆی نائاسایی

شێوازی ناراستەوخۆی نائاسایی، یەکێکە لەجۆرەکانی شێوازی داواکردنی ناراستەوخۆ، کە ئاماژە بۆ کارێک دەکات، ئەنجام دراوە یاخود نا، قسەکەر لەم جۆرەدا بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ داواکەی دەردەبڕێ، ئەمەش دەبێتە دوو جۆر:

 

 

١-٣-٣-١- ئاماژەی بەهێز

لەم جۆرە داواکردنەدا، قسەکەر بەهۆی بەکارهێنانی هێزەوە ئاماژە بۆ کارێک دەکات و ئاراستەی گوێگری دەکات ئەنجامی داوە یاخود نا، ئەم شێوازە بەکاردەهێنرێت لەلایەن قسەکەر کە دەسەڵاتی بەسەر گوێگردا هەیە بۆ نمونە:

- ژوورەکەت بە پیسی بەجێهێشتووە. (Eunice Mukonde: 2009: 42).  

یاخود کاتێک کە نیەتەکە بەڕوونی دەرنەبڕا، قسەکەر بەڵگەیەکی بەهێز دابین دەکات بۆئەوەی گوێگر داواکارییەکە جێ‌بەجێ بکات. بۆ نمونە:

- ئەو ژوورە زۆر گەرمە. (Xiuping Han: 2013: 1100).

لێرەدا قسەکەر داواکارییەکەی بە ناڕاستەخۆ دەردەبڕێت کە مەبەستی هەڵکردنی فێنک‌کەرەوەیە یاخود کردنەوەی دەرگا یان کوژاندنەوەی گەرم کەرەوە و گەیاندی پەیامەکەی بۆ گوێگر و گوێگر هەستێ بە جێ‌بەجێ‌کردنی داواکارییەکە.

١-٣-٣-٢- ئاماژەی سادە

ئەم جۆرە داواکردنە ناڕاستەوخۆیە، قسەکەر لەکاتی دەربڕیندا ئاماژەیەکی سادە دەردەبڕێ، کە گوێگر مەبەستەکەی لا ڕوونە، هەروەها قسەکەر، ئەم جۆرە داواکردنە وەکو پاڵپشتییەک بەکاردێنێت، بۆ ئەوەی گوێگر توشی ئازاردان نەبێت، بۆ نمونە:

- ڕوخسەت هەیە قسەت لەگەڵ بکەم؟ (Xiuping Han: 2013: 1100).

ئەگەر بگەڕێیتەوە بۆ ناوەرۆکەکەی هەست دەکەی قسەکەر داوایەکی هەیە یاخود کارێکی هەیە کە دەیەوێ گوێگر گوێی لێ بگرێت و ئاماژەیەکی سادەیە بۆ ئەوەی گوێگر لەمەبەستی بگات، یاخود ئاماژەی ناوەند “ ئەو دەستەواژانەیە کە هیچ ئاماژەیەک نادات بۆ داوایەکی ڕێک و پێک و هەر بنەمایەک، هەروەها دەتوانرێ وەربگیردرێ وەکو داوایەک لە ناوەرۆکەکەی”. بۆ نمونە: من ڕاهیبەم. ئەو دەستەواژەیە لەلایەن ئافرەتێک بەکارهاتووە بۆ وەڵامدانەوەی کەسێک کە بێزاری دەکات (Khalid Tag -Eldin: 2016: 69).

٢- شێوازی داواکردنی نافەرمی لە زمانی کوردیدا

لە تەوەری یەکەمدا باسمان لە ستراتیژییەکانی شێوازی داواکردن کرد، لەم تەوەرەیە باسی بەکارهێنانی ستراتیژەکان و کاریگەری ڕۆنانە کۆمەڵایەتییەکان دەکەین لەناو خێزاندا، کە شێوازی نافەرمی بەکاردێت لەنێوان ئەندامەکاندا. لەم بەشە قەبارەی نمونەی لێکۆڵینەوەکە بریتییە لە (28) خێزان کە (138) ئەندام لەخۆی دەگرێت، بەپێی سروشتی ئەم بەشە فۆڕمێکی راپڕسی ئامادەکراوە و لەلایەن بەشداربووانەوە پرسیارنامەکە پڕکراوەتەوە، ئەو خێزانانە بۆ بەشداریکردن لە ڕاپرسیەکە هەڵبژێردراون کە ژمارەی ئەندامانیان زۆرە و هەردوو ڕەگەزی تێدابووە بەپێی جۆری پەیوەندی ئەندامانی خێزان پێکەوە، دواتر داتاکان لەڕێگەی پرۆگرامی (SPSS)ەوە شیکراونەتەوە، واتە جۆری نمونەکان مەبەستدارە بۆ ئەوەی زیاتر لەگەڵ لێکۆڵینەوەکەی ئێمەدا بگونجێ و داتایەکی تەواو بدات بە دەستەوە.

٢-١- ستراتیژییەکانی شێوازی داواکردن لای ئەندامانی خێزان

لەم تەوەرەدا باس لە ستراتیژییەکانی داواکردن دەکەین لای نمونەکانی لێکۆڵینەوەکە، کە بەشداربووانی ئەم لێکۆڵینەوەیە لەکاتی دەربڕینی کردەی قسەکردن زیاتر چ شێوازێک بەکاردەهێنن، ئەمەش لەڕێگەی بڕگەیەک کە هەموو ستراتیژییەکانی داواکردن لەخۆ دەگرێت، لە خوارەوە باسی دەکەین، هەروەها بەشداربووانی ئەم لێکۆڵینەوەیە بە پێی ئەو شێوازەی بەکاری دەهێنن لەگەڵ ئەندامانی خێزانەکەیاندا، لەم بڕگەیەی خوارەوەدا بۆمان دەردەکەوێت کە چ جۆرە ستراتیژییەک بەکاردەهێنن.

٢-١-١- نمونەکانی لێکۆڵینەوەکە

لەم تەوەرەدا، چەند زانیارییەک لەبارەی نمونەکانی لێکۆڵینەوەکە خراوەتەڕوو، ئەوانیش ڕەگەز و تەمەن و ئاستی خوێندەواری و پلەی ئەندامیەتییان لەناو خێزاندایە، لەخوارەوە باس لە یەکە یەکەیان دەکەین.

٢-١-١-١- ڕەگەزی ئەندامانی خێزان

چەند خێزانێکی شاری هەولێرمان وەکو نمونەی لێکۆڵینەوەکە وەرگرتووە، لە وێنەی ژمارە (25) ڕێژەی بەشداربووان بەپێی جیاوازی ڕەگەزییان پیشان دەدەین:

وێنەی ژمارە (١) ڕەگەزی ئەندامانی خێزان

لەم وێنەیەی ژمارە (١)دا ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت، کە زۆرینەی بەشداربووان ڕەگەزیان نێرە، کە ڕێژەی (55.1 %)ی بەشداربووانی لێکۆڵینەوەکە پێکدەهێنن، هەروەها ڕەگەزی مێیینەش ڕێژەی (44.9%)ی بەشداربووانی لێکۆڵینەوەکە پێکدەهێنن، کە وەکو نمونەی لێکۆڵینەوە لەم لێکۆڵینەوەیەدا بەشدارییان کردووە.

٢-١-١-٢- تەمەنی ئەندامانی خێزان

ئەو بەشداربووانەی لەم لێکۆڵینەوەیەدا وەکو نمونەی لێکۆڵینەوە هەڵبژێردراون تەمەنیان جیاوازە، بچوکترین بەشداربوو تەمەنی (8) ساڵە و گەورەترین بەشداربووش تەمەنی (69) ساڵە، لە خشتەی ژمارە (2)دا ژمارە و ڕێژەی بەشداربووان بەپێی جیاوازی تەمەنیان پیشان دەدەین:

خشتەی ژمارە (2) تەمەنی ئەندامانی خێزان

٢-١-١-٣- ئاستی خوێندەواری ئەندامانی خێزان

لە خشتەی ژمارە (3)دا ژمارە و ڕێژەی ئاستی خوێندەواری نمونەکانی لێکۆڵینەوەکەمان بۆ دەردەکەوێت:

 

خشتەی ژمارە (3) ئاستی خوێندەواری ئەندامانی خێزان  

 

٢-١-١-٤- پلەوپایەی کۆمەڵایەتی ئەندامانی خێزان

ئەو بەشداربووانەی کە لە لێکۆڵینەوەکەماندا بەشدارییان کردووە لە چەند خێزانێکن، کە هەر بەشداربووە و جۆرێکی ئەندامە لەناو خێزانەکەیدا، لە خشتەی ژمارە (4)دا ژمارە و ڕێژەیان بۆمان دەردەکەوێت:

خشتەی ژمارە (4) پلەوپایەی کۆمەڵایەتی ئەندامانی خێزان

 

٢-١-٢- بڕگەی لێکۆڵینەوە

ئەم بڕگەیە چەند جۆرێک شێواز لەخۆ دەگرێ، ژمارە و ڕێژەی هەریەک لەو شێوازانەی کە بەشداربووان هەڵیان بژاردووە لە خشتەی ژمارە (5)دا دەخەینەڕوو:

 

خشتەی ژمارە (5) بڕگەی لێکۆڵینەوە

لە خشتەی ژمارە (5)دا ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت، کە (33) بەشداربوو شێوازی فەرماندانیان هەڵبژاردووە، کە (23.9%)ی ڕێژەی بەشداربووانی لێکۆڵینەوەکە پێکدەهێنن، (2) بەشداربوو شێوازی کرداریان هەڵبژاردووە، کە (1.4%)ی ڕێژەی بەشداربووانی لێکۆڵینەوەکە پێکدەهێنن، هەروەها (5) بەشداربوو شێوازی ناچارکردنیان هەڵبژاردووە، کە (3.6%)ی ڕێژەی بەشداربووانی لێکۆڵینەوەکە پێکدەهێنن، (15) بەشداربوو شێوازی داخوازییان هەڵبژاردووە، کە (10.9%)ی ڕێژەی بەشداربووانی لێکۆڵینەوەکە پێکدەهێنن.

ئەم چوار شێوازەی سەرەوە راستەوخۆن، ئەو بەشداربووانەی کە شێوازی راستەوخۆیان هەڵبژاردووە بریتین لە (55) بەشداربوو، کە دەکاتە (39.9%)ی ڕێژەی بەشداربووانی لێکۆڵینەوەکە. ئەم جۆرە شێوازەش نەرێنیە بەتایبەتی لەشوێنێکی نافەرمیدا وەکو خێزان کە تێیدا بەکاردێت، لەوانەیە توندوتیژی لێ بکەوێتەوە یاخود گوێگر هەست بە ناڕەحەتی بکات لەبەرامبەر ئەو شێوە ئاخاوتنەی کە قسەکەر ئاراستەی دەکات بۆ جێ‌بەجێ‌کردنی یاخود جێ‌بەجێنە‌کردنی داواکارییەک، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا (37) بەشداربوو شێوازی پێشنیازیان هەڵبژاردووە، کە (26.8%)ی ڕێژەی بەشداربووانی لێکۆڵینەوەکە پێکدەهێنن، (25) بەشداربوو شێوازی پرسیاریان هەڵبژاردووە، کە (18.1%)ی ڕێژەی بەشداربووانی لێکۆڵینەوەکە پێکدەهێنن، (14) بەشداربوو ئاماژەی بەهێزیان هەڵبژاردووە، کە (10.1%)ی ڕێژەی بەشداربووانی لێکۆڵینەوەکە پێکدەهێنن، (7) بەشداربوو شێوازی ئاماژەی سادەیان هەڵبژاردووە، کە (5.1%)ی ڕێژەی بەشداربووانی لێکۆڵینەوەکە پێکدەهێنن.

ئەم شێوازانەی سەرەوە ناراستەوخۆن، کە (83) بەشداربوو ئەم شێوازەیان هەڵبژاردووە، کە دەکاتە (60.1%)ی ڕێژەی بەشداربووانی لێکۆڵینەوەکە. ئەم جۆرە شێوازەش ئەرێنیە، بەتایبەتی بۆ شوێنێکی نافەرمی وەکو خێزان، کاتێ قسەکەر داوایەک ئاراستەی گوێگر دەکات، گوێگریش بۆ ئەوەی ئەو داوایەی بە فەرمان نەزانێ و هێزی نەکەوێتە سەر ئەوا قسەکەر شێوازی ناراستەوخۆ بەکاردێنێت، ئەمەش تاڕادەیەک گوێگر ئازاد دەکات لە جێ‌بەجێ‌کردنی یاخود جێ‌بەجێ‌نەکردنی داواکارییەکە.

لێرەدا بۆمان دەردەکەوێت، بەشداربووانی ئەم لێکۆڵینەوەیە لەم بڕگەیەدا زیاتر شێوازی ناراستەخۆ بەکاردێنن، ئەمەش شێوازێکی ئەرینیە کە لەم بڕگەیەدا بەدەست هاتووە و ئەوەشمان پێ دەڵێت کە لە کۆمەڵگاکەماندا بەتایبەتی شاری هەولێر کە وەکو نمونەی توێژینەوەکە هەڵمانبژاردووە، لەناو خێزانەکاندا زیاتر شێوازی ناراستەوخۆ بەکاردێت.

٢-٢- کاریگەریی ڕۆنانە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر شێوازی داواکردنی ئەندامانی خێزان

لەم تەوەرەدا باس لەکاریگەریی هەریەک لە تەمەن و ڕەگەز و ئاستی خوێندەواری و پلەوپایەی کۆمەڵایەتی دەکەین لەسەر شێوازی داواکردن، کە تا چ ڕادەیەک ئەم ڕۆنانانە بوونەتە هۆی هەڵبژاردنی شێوازەکانی داواکردن و شێوازی دەربڕینی بەشداربووانی ئەم لێکۆڵینەوەیە.

٢-٢-١- کاریگەریی ڕەگەز لەسەر شێوازی داواکردنی ئەندامانی خێزان

ئەم خشتەیەی خوارەوە کاریگەریی ڕەگەز لەسەر شێوازی داواکردن، لە بڕگەی یەکەمدا پیشاندەدات:

خشتەی ژمارە (6) کاریگەریی ڕەگەز لەسەر شێوازی داواکردنی ئەندامانی خێزان

لە خشتەی ژمارە (6)دا پەیوەندی نێوان ڕەگەز و شێوازی داواکردن لە ناو خێزانمان بۆ ڕوون دەبێتەوە، کە زۆرینەی ئەندامانی بەشداربوو لە ڕەگەزی نێر شێوازی پێشنیازکردنیان هەڵبژاردووە، ، کەچی کەمترین ئەندامانی بەشداربوو لە ڕەگەزی نێر لەم بڕگەیەدا شێوازی کردارییان هەڵبژاردووە، شێوازی فەرماندانیش لە پلەی دووەم دێت، شێوازی پرسیاریش لە پلەی سێ‌یەم دێت، شێوازی داخوازی لە پلەی چوارەم دێت (دەمەوێ بەیانی بچین بۆ سەیران.) هەریەک لە شێوازی ناچاکردن و ئاماژەی بەهێزیش پلەی پێنجەم و شەشەمیان گرتووە و ئاماژەی سادەش لە پێش کۆتایی دێت.

لە ڕەگەزی مێیینەشدا شێوازی پێشنیاز بە پلەی یەکەم دێت، هەروەها شێوازی پرسیارکردن و شێوازی فەرماندان پلەی دووەم و سێیەمیان گرتووە، هەروەها شێوازی کرداری و شێوازی ناچارکردنیش کە راستەوخۆن بەهۆی بێ دەسەڵاتی ڕەگەزی مێیینە لە کۆمەڵگاکەماندا نزمترین پلەیان وەرگرتووە، هەریەک لە ئاماژەی بەهێز و شێوازی داخوازی و ئاماژەی سادە پلەی چوارەم  و پێنجەم و شەشەمیان گرتووە.

لە وێنەی ژمارە (2)دا، بەشێوەیەکی گشتی ڕێژەی شێوازەکانی داواکردن دەخەینەڕوو:

وێنەی ژمارە (2) کاریگەریی ڕەگەز لەسەر شێوازی داواکردنی ئەندامانی خێزان

لە وێنەی ژمارە(2)دا بۆمان دەردەکەوێت، کە زۆرینەی بەشداربووان لە ڕەگەزی مێ شێوازی ناڕاستەوخۆی ئاساییان هەڵبژاردووە، کەمترینیشیان شێوازی ناڕاستەوخۆی نائاساییان هەڵبژاردووە، شێوازی ڕاستەوخۆش ڕێژەی (35.5%)ی بەشداربووان پێکدەهێنێت.

هەروەها ئەو بەشداربووانەی کە ڕەگەزیان نێرە، زۆرینەیان شێوازی ناڕاستەوخۆی ئاساییان هەڵبژاردووە، کەمترینیشیان شێوازی ناڕاستەوخۆی نائاساییان هەڵبژاردووە، شێوازی ڕاستەوخۆش ڕێژەی (43.4%)ی بەشداربووان پێکدەهێنێت.

٢-٢-٢- کاریگەریی تەمەن لەسەر شێوازی داواکردنی ئەندامانی خێزان

تەمەن یەکێکە لەو ڕۆنانە کۆمەڵایەتییانەی کە کار دەکاتە سەر شێوازی داواکردن، لە  خشتەی ژمارە (7) بەپێی جیاوازی تەمەنی بەشداربووان، کاریگەریی تەمەن لەسەر شێوازی داواکردن دەخەینەڕوو:

خشتەی ژمارە (7) کاریگەریی تەمەن لەسەر شێوازی داواکردنی ئەندامانی خێزان

 خشتەی ژمارە (7) پەیوەندی نێوان تەمەن و شێوازی داواکردنی ئەندامانی خێزانمان بۆ ڕوون دەکاتەوە، کە زۆرترین ئەندامانی بەشداربوو لەتەمەنی (8-18) ساڵی، کەڕێژەی (29%)ی قەبارەی نمونەی لێکۆڵینەوە پێکدەهێنن، شێوازی فەرماندانیان هەڵبژاردووە، کە ڕێژەکەی (22.5%)ە، ئەمەش شێوازێکی گونجاو نیە بۆ ئەم تەمەنە، چونکە لەم تەمەنەدا پێویستە قسەکەر داواکەی بەڕێزەوە دەرببڕێت و شێوازی فەرمان بەکارنەهێنێت بەتایبەتی لەناو خێزاندا کە گوێگر بە دڵنیاییەوە لەخۆی گەورەترە و یان دایک، یان باوک، یاخود برای گەورەی یاخود خوشکی گەورەیەتی، کە ئەم شێوازە ڕاستەوخۆیە بەکاردێنێت، نەشیاوە و لەوانەشە ناخۆشی لێبکەوێتەوە و ئەندامانی خێزانەکەی دڵگرانبن بەم شێوە داواکردنە. هەرچەندە بەپلەی دووەم شێوازی پێشنیازیان هەڵبژاردووە، ئەمەش ئەوەمان پێ دەڵێت کە لەکۆمەڵگەکەماندا کەسانێک هەن کە تەمەنیان بچوکە و شێوازی گونجاو بەکاردێنن لەگەڵ ئەندامانی خێزانەیاندا لەکاتی دەڕبڕینی کردەی داواکردن. هەروەها نزمترین ڕێژەش شێوازی کردارییە، کە ئەمەش ئەنجامێکی نەڕێنیە کەمترین بەشداربوو لەم ئاستە تەمەنە شێوازێکی راستەوخۆ بەکاردێنن، شێوازی ناچارکردنیش لە پلەی حەوتەم دێت و شێوازی داخوازیش لە پلەی سێیەم دێت، شێوازی پرسیار و ئاماژەی سادە لە پلەی چوارەم و پێنجەم دێن، هەروەها ئاماژەی بەهێزیش لە پلەی شەشەمدا دێت.

ئەو بەشداربووانەی کە تەمەنیان لەنێوان (19-29) ساڵیدایە، کەڕێژەی (28.3%)ی قەبارەی نمونەی لێکۆڵینەوەکە پێکدەهێنن، زۆرینەیان شێوازی پێشنیازیان هەڵبژاردووە کە ئەویش شێوازێکی ناڕاستەوخۆیە و بۆ ئەم تەمەنە شیاوە کە زۆرترین بەشداربووانی ئەم لێکۆڵینەوە شێوازی ناڕاستەوخۆ بەکاردێنن لەم بڕگەیەدا، هەروەها کەمترین بەشداربوو کە ڕێژەکەیان (2.6%)یە شێوازی کرداری بەکاردێنن کە ئەویش ڕاستەوخۆیە، لەگەڵ ئەوەشدا ئاماژەی سادە بەهەمان ڕێژە کەمترین بەشداربوو هەڵیان بژاردووە، شێوازی فەرماندانیش ڕێژەی (28.2%) قەبارەی نمونەی لێکۆڵینەوە پێکدەهێنێت کە بە پلەی دووەم دێت لەم بڕگەیەدا. شێوازی پرسیاریش لە پلەی سێ‌یەم دێت و شێوازی داخوازیش لە پلەی چوارەم دێت، شێوازی ناچارکردن و ئاماژەی بەهێزیش پلەی پێنجەم و شەشەمیان گرتووە.

لەهەمان خشتەدا کە ستراتیژییەکانی شێوازی داواکردنمان بۆ روون دەکاتەوە سەبارەت بەو بەشداربووانەی کە تەمەنیان لەنێوان (30-39) ساڵیدایە، کەڕێژەی (16،7%)ی قەبارەی نمونەی لێکۆڵینەوە پێکدەهێنن، زۆرینەی بەشداربووان شێوازی پێشنیازیان هەڵبژاردووە، هەروەها بە پلەی دووەمیش شێوازی پرسیاریان هەڵبژاردووە، ئەم دوو شێوازەش ناڕاستەوخۆن، ئەوەمان پێدەڵێت کە زۆرینەی ئەندامانی خێزان لەکاتی دەربڕینی کردەی داواکردندا شێوازی ناڕاستەوخۆ بەکاردێنن، کە ئەمەش شێوازێکی گونجاوە بەتایبەتی لەناو خێزاندا بۆ ئەوەی گوێگر وا هەست بکات کە قسەکەر فەرمانی بەسەردا ناکا و بەناچاری داواکارییەکەی پێ جێ‌بەجێ‌ناکات، بەڵکو بەپێچەوانەوە ئەم شێوازە وا دەکات کە داواکارییەکە بەسەرکەوتوویی ئەنجام بدرێت لەلایەن گوێگرەوە و کاردانەوەی خراپی نەبێت لەناو خێزانەکاندا بەتایبەتی، سەرەڕای ئەمەش شێوازی کرداری و ناچارکردن کەهەردوو شێوە ڕاستەوخۆن هیچ بەشداربووەک هەڵینەبژاردووە و لە پلەی حەوتەم و ‌هەشتەم دێن، ئەمەش ئەوەمان بۆ دووپاتدەکاتەوە کە لەم بڕگەیەدا ئەندامانی بەشداربوو زیاتر گرنگی بە شێوازی ناڕاستەوخۆ دەدەن بەبەراوود لەگەڵ شێوازی راستەوخۆ، شێوازی فەرماندان و ئاماژەی بەهێزیش لە پلەی سێ‌یەم و چوارەم دێن، ئەو دوو شێوازەش کە فەرماندان ڕاستەوخۆیە و ئاماژەی بەهێزیش ناڕاستەوخۆیە ڕێژەکەیان وەکویەکە و لەئەک ئاستدا دێن، شێوازی داخوازیش و ئاماژەی سادەش لە پلەی پێنجەم و شەشەمدا دێن.

ئەو بەشداربووانەی کە تەمەنیان لەنێوان (40-49) ساڵییە کە ڕێژەی (13%)ی قەبارەی نمونەی لێکۆڵینەوە پێکدەهێنن، ئەگەر سەیرێکی ئەو خشتەیەی سەرەوە بکەین ئەوا دەبینین کە ڕێژەیەکی یەکجار زۆر شێوازی ناڕاستەوخۆیان هەڵبژاردووە، ئەویش شێوازی پرسیار لە پلەی یەکەم دێت و شێوازی پێشنیازیش لە پلەی دووەم دێت، ئەمەش ئەوەمان پێدەڵێت کە لەم تەمەنەدا ئاخێوەر رێگایەکی باش و سەرکەوتووی گرتۆتە بەر بۆ دەربڕینی کردەی داواکردن و ئەو بەشداربووانە لەناو کۆمەڵگادا بەچاوێکی باش سەیریان دەکرێ، چونکە بەڕێز و بە ناڕاستەوخۆ داواکەی دەردەبڕێ و ڕێز لە دەوروبەری خۆی دەگرێت، هەرچی شێوازی فەرمان و شێوازی داخوازی و ئاماژەی بەهێزیشە لە پلەی سێ‌یەم و چوارەم و پێنجەم دێن، شێوازەکانی‌تریش هیچ بەشداربوویەک هەڵینەبژاردوون.

ئەو بەشداربووانەی کە تەمەنیان لەنێوان (50-59) ساڵییە کەڕێژەی (7.2%)ی قەبارەی نمونەی لێکۆڵینەوەکە پێکدەهێنن، کە زۆرینەیان شێوازی فەرماندان و شێوازی پرسیاریان هەڵبژاردووە، ئەم دوو شێوازە لە پلەی یەکەم دێن، شێوازی پێشنیاز و ئاماژەی بەهێزیش لە پلەی دووەم دێن، شێوازەکانی تری داواکردن لەم ئاستە تەمەنەدا ڕێژەیان (0%)ە، ئەوانیش شێوازی کرداری، شێوازی ناچارکردن، شێوازی داخوازی و ئاماژەی سادەن.

ئەو بەشداربووانەی کە تەمەنیان لەنێوان (59-69) ساڵییە کەڕێژەی (5.8%)ی قەبارەی نمونەی لێکۆڵینەوەکە پێکدەهێنن، زۆرینەیان شێوازی فەرماندانیان هەڵبژاردووە، ئەمەش کاریگەری تەمەن لەسەر شێوازی داواکردن بەدیاردەخات، کە ئەو کەسانەی بە تەمەنن لەناو خێزانەکاندا بێگومان یان دایکن یان باوکن، بەهۆی تەمەنەکەیانەوە زیاتر دەربڕینەکەیان بەشێوەی فەرمان دەبێت، واتە کاتێک کە داوای شتێک دەکەن، بێگومان گوێگرەکە تەمەنی بچوکترە بۆیە شێوازی ڕاستەوخۆ بەکاردێنێت و فەرمانیان بەسەردا دەکات کە داواکارییەکەی بۆ جێ‌بەجێ‌بکەن. هەروەها ڕێژەی (25%)ی ئەندامانی بەشداربوو شێوازی داخوازییان بەکارهێناوە کە ئەویش ڕاستەوخۆیە، هەریەک لە شێوازی ناچارکردن و شێوازی پێشنیاز و ئاماژەی بەهێزیش لە پلەی سێ‌یەم دێن، شێوازەکانی‌تری داواکردنیش هیچ بەشداربوویەک هەڵینەبژاردوون.

لە وێنەی ژمارە (3)دا، بەشێوەیەکی گشتی ڕێژەی هەریەک لە شێوازەکان دەخەینەڕوو:

وێنەی ژمارە (3) کاریگەریی تەمەن لەسەر شێوازی داواکردنی ئەندامانی خێزان

٢-٢-٣- کاریگەریی ئاستی خوێندەواری لەسەر شێوازی داواکردنی ئەندامانی خێزان

  لەم خشتەیەی خوارەوەدا بۆمان دەردەکەوێت کە تا چ ڕادەیەک ئاستی خوێندەواری کاریگەریی لەسەر شێوازی داواکردن هەیە:

خشتەی ژمارە (8) کاریگەریی ئاستی خوێندەواری لەسەر شێوازی داواکردنی ئەندامانی خێزان

خشتەی ژمارە (8) پەیوەندی نێوان ئاستی خوێندەواری و شێوازی داواکردنی ئەندامانی خێزانمان بۆ ڕوون دەکاتەوە، ئەو بەشداربووانەی نەخوێندەوارن، زۆرینەیان شێوازی فەرماندانیان هەڵبژاردووە کە ڕێژەی (28.6%)ی قەبارەی نمونەی لێکۆڵینەوەکە پێکدەهێنێت، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە شێوازی داواکردنی نەخوێندەوار بەهۆی ئەوەی کە تا ئەو ڕادەیە خوێندەواری نییە چ جۆرە شێوازێک بەکاربێنێت، بۆیە شێوازی فەرماندان بەکاردێنێت بۆ دەربڕینی کردەی داواکردن، هەروەها ئەوانەی کە نەخوێندەوارن لە پلەی دووەم دێن، کە شێوازی پێشنیازیان هەڵبژاردووە، کەچی شێوازی کرداری و ناچارکردن هیچ بەشداربوویەک هەڵینەبژاردووە و هەریەک لە شێوازی داخوازی و شێوازی پرسیار و ئاماژەی بەهێزیش لە پلەی سێ‌یەم و چوارەم و پێنجەم دێن، ئاماژەی سادەش لە پلەی حەوتەم دێت کە ڕێژەی (7.1%)ی قەبارەی نمونەی لێکۆڵینەوەکە پێکدەهێنێت.

هەروەها ئەو بەشداربووانەی خوێندن و نووسین دەزانن زۆرینەیان شێوازی پرسیاریان هەڵبژاردووە، شێوازی کرداری و ئاماژەی سادەش هیچ بەشداربووەک هەڵینەبژاردووە، هەریەک لە شێوازی فەرماندان و شێوازی ناچارکردن و شێوازی داخوازی و شێوازی پرسیار و ئاماژەی بەهێز پێکەوە ڕێژەی (71.4%)ی قەبارەی نمونەی لێکۆڵینەوەکە پێکدەهێنن.

ئەو بەشداربووانەی کە ئاستی خوێندەوارییان سەرەتاییە، زۆرینەیان شێوازی فەرماندانیان هەڵبژاردووە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی کە ئاستی خوێندەوارییان نزمە بۆیە زۆرینەیان شێوازی ڕاستەوخۆ هەڵدەبژێرن بۆ دەربڕینی کردەی داواکردن، هەروەها هەریەک لەشێوازی کرداری و شێوازی ناچارکردن و ئاماژەی سادە ڕێژەکەیان (0%)ە، شێوازی پرسیاریش لە پلەی دووەم دێت، شێوازی داخوازیش لە پلەی سێ‌یەم دێت و هەریەکە لە شێوازی پێشنیاز و ئاماژەی بەهێزیش لە پلەی چوارەم و پێنجەم و شەشەمدا دێن.

ئەو بەشداربووانەی کە ئاستی خوێندەوارییان ناوەندییە، زۆرینەیان شێوازی فەرماندان و شێوازی پێشنیازیان هەڵبژاردووە، لێرەدا شێوازی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لەپلەی یەکەمدا دێن و هەست بەوە دەکرێت کە شێوازی داواکردن لە نزمترین ئاستی خوێندەواری بەرەو قۆناغەکانی‌تر لە ڕاستەوخۆ بۆ ناڕاستەوخۆ دەڕوات، هەریەکە لە ئاماژەی بەهێز و ئاماژەی سادەش لە پلەی سێ‌یەم و چوارەم دێن لە پێکهێنانی قەبارەی نمونەی لێکۆڵینەوە، شێوازی داخوازیش لە پلەی پێنجەم دێت و شێوازی کرداری و شێوازی ناچارکردن و شێوازی پرسیاریش لە کۆتا پلە دێن.

ئەو بەشداربووانەی کە ئاستی خوێندەوارییان دواناوەندییە، زۆرینەیان شێوازی داخوازی و شێوازی پێشنیاز و شێوازی پرسیاریان هەڵبژاردووە، کە دوو شێوازیان ناڕاستەوخۆن و شێوازی داخوازیش ڕاستەوخۆیە، شێوازی فەرماندان و ئاماژەی بەهێز لە پلەی چوارەم و پێنجەم دێن و شێوازی کرداری و شێوازی ناچارکردن و ئاماژەی سادەش کەمترین قەبارەی نمونەی لێکۆڵینەوەکە پێکدەهێنن.

هەروەها ئەو بەشداربووانەی کە ئاستی خوێندەوارییان دبلۆمە، زۆرینەیان شێوازی پێشنیازیان هەڵبژاردووە، ئەم شێوازەش ناڕاستەوخۆیە ئەو بەشداربووانە بەهۆی ئەوەی ئاستی خوێندەوارییان باشە لەکاتی دەربڕینی کردەی داواکردندا شێوازێکی گونجاو بەکاردێنن لەگەڵ دەوروبەرەکەیان، شێوازی پرسیاریش لە دوای شێوازی پێشنیاز دێت، بێگومان ئەم شێوازەش ناڕاستەوخۆیە کە قسەکەر بەشێوەی پرسیار داواکەی ئاراستەی گوێگر دەکات بۆ ئەوەی گوێگریش داواکارییەکەی جێ‌بەجێ‌بکات،  شێوازی فەرماندانیش، لە پلەی سێ‌یەم دێت، لێرەدا قسەکەر داواکەی بەشێوەی فەرمان دەردەبڕێت، هەریەک لە شێوازی ناچارکردن و شێوازی داخوازیش لە پلەی چوارەم و پێنجەم دێن و شێوازەکانی تری داواکردنیش لەم ئاستەدا رێژەکەیان سفرە.

ئەو بەشداربووانەی کە ئاستی خوێندەوارییان دبڵۆمی باڵایە، زۆرینەیان شێوازی پێشنیازیان هەڵبژاردووە، لێرەدا زۆرینەی ئەندامانی بەشداربوو داواکەیان بەشێوەی پێشنیاز دەردەبڕن و ئاراستەی گوێگری دەکەن بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ، شێوازی فەرماندانیش ڕێژەی (33.3%)ی قەبارەی نمونەی لێکۆڵینەوەکە پێکدەهێنێت، شێوازەکانی‌تریش هیچ بەشداربوویەک هەڵینەبژاردوون.

هەروەها ئەو بەشداربووانەی کە ئاستی خوێندەوارییان بەکالۆریۆسە، بەهەمان شێوەی ئەو بەشداربووانەی کە ئاستی خوێندەواریان دبڵۆم و دبڵۆمی باڵایە زۆرینەیان شێوازی پێشنیازیان هەڵبژاردووە، ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە کە ئاستی خوێندەواری کاریگەریی لەسەر شێوازی داواکردنی تاکدا هەیە، هەرچەندە ئاستی خوێندەواری بەرزبێت، شێوازی داواکردنیشی گونجاوترە، لە ڕاستەوخۆ بۆ ناڕاستەوخۆ دەگۆڕێت، ئەمەش نیشانەی ئاست بەرزی و سەرکەوتوویی تاکی خوێندەوارە، هەریەک لەشێوازی کرداری و شێوازی ناچارکردن و ئاماژەی سادەش بەڕێژەی (0%) لەپلەی کۆتا دێن و شێوازی فەرماندانیش ڕێژەی (17.6%)ی قەبارەی نمونەی لێکۆڵینەوە پێکدەهێنێت و هەریەک لە شێوازی داخوازی و شێوازی پرسیار و ئاماژەی بەهێزیش لە پلەی سێ‌یەم و چوارەم و پێنجەمدا دێن.

ئەو بەشداربووانەی کە ئاستی خوێندەوارییان خوێندنی باڵایە تەنها سێ شێوازیان هەڵبژاردووە ئەویش شێوازی ناچارکردن و شێوازی پرسیار و ئاماژەی بەهێزە کە هەموویان ڕێژەکەیان وەک یەکەو (100%) رێژەی بەشداربووانی قەبارەی نمونەی لێکۆڵینەوەکە پێکدەهێنن.

بەشێوەیەکی گشتی لە وێنەی ژمارە (28)دا ڕێژەی هەریەک لەشێوازەکانی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی ئاسایی و ناڕاستەوخۆی نائاسایی دەخەینەڕوو بەپێی جیاوازی ئاستی خوێندن:

وێنەی ژمارە (4) کاریگەریی ئاستی خوێندەواری لەسەر شێوازی داواکردنی ئەندامانی خێزان

٢-٢-٤- کاریگەریی پلەوپایەی کۆمەڵایەتی لەسەر شێوازی داواکردنی ئەندامانی خێزان

لە خشتەی (٩)دا کاریگەریی پلەوپایەی کۆمەڵایەتی لەسەر شێوازی داواکردن دەخەینەڕوو:

خشتەی ژمارە (9) کاریگەریی پلەوپایەی کۆمەڵایەتی لەسەر شێوازی داواکردنی ئەندامانی خێزان

لە خشتەی ژمارە (9)دا پەیوەندی نێوان پلەوپایەی کۆمەڵایەتی و و شێوازی داواکردنی ئەندامانی خێزانمان بۆ ڕوون دەبێتەوە، دایکەکان زۆرینەیان شێوازی پرسیار و ئاماژەی بەهێزیان هەڵبژاردووە کە ڕێژەی (50%)ی قەبارەی نمونەی لێکۆڵینەوە پێکدەهێنن، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە دایکەکان شێوازی ناڕاستەوخۆ بەکاردێنن لەگەڵ ئەندامەکانی خێزانەکەیان، ئەم شێوازەش بەشێوازێکی سەرکەوتوو دادەنرێت چونکە ڕاستەوخۆ هێز ناخاتە سەر گوێگر و گوێگری ناچارناکات کە داواکارییەکەی بۆ جێ‌بەجێ‌بکات، شێوازی کرداری و شێوازی ناچارکردنیش هیچ دایکێک هەڵینەبژاردووە، شێوازی فەرماندانیش لە پلەی سێ‌یەم دێت کە ڕێژەی (17.9%)ی قەبارەی نمونەی لێکۆڵینەوەکە پێکدەهێنێت، دایکەکان بەهۆی ئەوەی کە دەسەڵاتێکیان هەیە لەناو خێزانەکەیان و پلەوپایەیەکی بەرزیان هەیە هەندێجار داواکارییەکانیان ڕاستەوخۆ دەردەبڕن و کاری فەرمان بەکاردێنن لە دەربڕینەکانیان و ئاراستەی گوێگری دەکەن، شێوازی داخوازی و شێوازی پرسیاریش لە پلەی چوارەم و پێنجەم دێن بەڕێژەی (28.6%) و ئاماژەی سادەش ڕێژەی (3.6%)ی قەبارەی نمونەی لێکۆڵینەوەکە پێکدەهێنێت.

ئەو بەشداربووانەی کە باوکن زۆرینەیان شێوازی ناڕاستەوخۆی داواکردنیان هەڵبژاردووە کە شێوازی پێشنیازە ڕێژەی (46.4%)ی قەبارەی نمونەی لێکۆڵینەوەکە پێکدەهێنن، لێرەدا ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە سەرەڕای ئەوەی باوکەکان پلەیەکی بەرزیان هەیە لەناو خێزاندا و دەسەڵاتیان زیاترە لە ئەندامەکانی‌تری خێزان کەچی لەکاتی دەربڕینی کردەی داواکردندا، داواکارییەکەیان بەشێوازێکی ناڕاستەوخۆ دەردەبڕن و لە شێوەی پێشنیاز ئاراستەی گوێگری دەکەن بۆ جێ‌بەجێ‌کردنی داواکارییەکە، هەریەکە لە شێوازی کرداری و ئاماژەی بەهێز و ئاماژەی سادەش هیچ باوکێک بەکاری نەهێناوە کە بەشداربووە لەم لێکۆڵینەوەیەدا، شێوازی فەرماندانیش لە پلەی دووەم دێت بەڕێژەی (25%) بێگومان شێوازی فەرماندان لەلایەن باوکەکانەوە بەکاردێت بەهۆی ئەو پلەیەی کە لەخێزانەکەیاندا هەیانە و دەسەڵاتێکی بەرزیان هەیە لە خێزانەکەیاندا، شێوازی پرسیاریش ڕێژەی (21،4%)ی قەبارەی نمونەی لێکۆڵینەوەکە پێکدەهێنێت، کە لەپلەی سێ‌یەم دێت و شێوازی ناچارکردن و خواستنیش لەپلەی چوارەم و پێنجەم دێن کە ڕێژەی (7.2%)ی قەبارەی نمونەی لێکۆڵینەوەکە پێکدەهێنن.

ئەو بەشداربووانەی کە پلەی کۆمەڵایەتییان کوڕە زۆرینەیان شێوازی فەرماندانیان بەکارهێناوە کە ڕێژەی (25.5%)ی قەبارەی نمونەی لێکۆڵینەوە پێکدەهێنن، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕیتەوە کە ڕەگەزی نێرینە خۆ بە باڵادەست دەزانێ و شێوازی راستەوخۆ بەکاردێنێت و فەرمان دەکات بەسەر گوێگر بۆ جێ‌بەجێ‌کردنی کردەی داواکردن، هەرچەندە (23،4%)یش شێوازی ناڕاستەخۆ بەکاردێنن کە بەشێوەی پێشنیاز داواکەیان دەردەبڕن، کەمترین بەشداربووش شێوازی کرداری بەکاردێنن کە ڕێژەی (1.2%)ی قەبارەی نمونەی لێکۆڵینەوەکە پێکدەهێنن، هەریەکە لە شێوازی پرسیار بەڕێژەی (17%) و شێوازی داخوازی بەڕێژەی (12.8%) و ئاماژەی بەهێز بەڕێژەی (8.5%) و شێوازی ناچارکردن بەڕێژەی (6.4%) و ئاماژەی سادە بەڕێژەی (4.3%) لە پلەی سێ‌یەم و چوارەم و پێنجەم و شەشەم و حەوتەمدا دێن، لێرەدا دەبینین کە بەڕێژەی جیاواز بەشداربووانی ئەم لێکۆڵینەوەیە ئەوانەی کە پلەی کۆمەڵایەتییان کوڕە شێوازی جیایان بەکارهێناوە.

هەرچی سەبارەت بە کچیشە زۆرینەیان شێوازی فەرماندان و شێوازی پێشنیازیان بەکارهێناوە کە ڕێژەی (51.4%)ی قەبارەی نمونەی لێکۆڵینەوەکە پێکدەهێنن، ئەمەش ئەوەمان پێدەڵێت کە کچ لێرەدا شێوازی فەرماندانی بەکارهێناوە کە ڕاستەوخۆیە شان بەشانی شێوازی پێشنیاز کە ناڕاستەوخۆیە، هەرچەندە کەمترینیان شێوازی کرداری و ناچارکردنیان بەکارهێناوە کە ڕێژەی (5.8%)ی قەبارەی نمونەی لێکۆڵینەوەکە پێکدەهێنن، هەریەک لەشێوازی داخوازی و شێوازی پرسیارکردن و ئاماژەی سادەش لە پلەی سێ‌یەم و چوارەم و پێنجەم دێن کە ڕێژەی (34.2%)ی قەبارەی نمونەی لێکۆڵینەوەکە پێکدەهێنن و ئاماژەی بەهێزیش بەڕێژەی (8.6%) لە پلەی شەشەم دێت لە پێکهێنانی قەبارەی نمونەی لێکۆڵینەوەکە.

ئەگەر بەشێوەیەکی گشتی تەماشای ئەم خشتەیەی سەرەوە بکەین دەبینین کە دایک و باوک بە پلەی یەک شێوازی ناڕاستەوخۆ بەکاردێنن بۆ دەربڕینی کردەی داواکردن لەگەڵ ئەندامانی خێزانەکەیان بە بەراوورد لەگەڵ کوڕ و کچ کە زۆرینەیان شێوازی ڕاستەوخۆ بەکاردێنن، لەبەرانبەر ئەو کەسانەی کە پلە و پایەیان بەرزترە و ڕۆڵی دایک یاخود باوک دەبێنێت. بەشێوەیەکی گشتی ڕێژەی شێوازەکانی داواکردن بەپێی جیاوازی پلەوپایەی کۆمەڵایەتی لە وێنەی ژمارە (5)دا دەخەینەڕوو:

وێنەی ژمارە (5) کاریگەری پلەوپایەی کۆمەڵایەتی لەسەر شێوازی داواکردنی ئەندامانی خێزان

٢-٣- گفتوگۆ

ئەگەر سەیرێکی شیوازەکانی داواکردن بکەین لە پەیوەندییە نافەرمییەکاندا، دەبینین ڕێژەی شێوازەکان لە یەک ئاستدا نییە، بەپێی جۆری ڕۆنانە کۆمەڵایەتییەکە ڕێژەی شێوازەکان دەگۆڕێن، سەبارەت بەڕەگەزی بەشداربووان لەم بەشەدا دەبینین ئەو بەشداربووانەی کە ڕەگەزیان نێرە ڕێژەی (43.4%) شێوازی ڕاستەوخۆ بەکاردێنن بەبەراوورد لەگەڵ ئەو بەشداربووانەی کە ڕەگەزیان مێیە زیاتر شێوازی ڕاستەوخۆ بەکاردێنن، ڕێژەی شێوازی داواکردنی ڕەگەزی مێ (35.5%)ە، هەرچەندەش ڕێژەی بەکارهێنانی شێوازی ناڕاستەوخۆ زیاتر بەکارهاتووە لە هەردوو ڕەگەزدا.

ئەگەر سەیرێکی تەمەنی بەشداربووانیش بکەین دەبینین بەهۆی ئەوەی منداڵ زیاتر داواکارییەکانی ڕاستەوخۆن و فەرمان دەکەن بەسەر ئەندامانی خێزانەکانیان ڕێژەی (45%) شێوازی داواکردنی ڕاستەوخۆ بەکاردێنن، هەروەها ئەو بەشدرابووانەی کە گەورەترین بەشداربوون لە ڕووی تەمەنەوە ڕێژەی (75%) شێوازی داواکردنی ڕاستەوخۆ بەکاردێنن، کە ڕێژەیەکی زۆرە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی کە ئەو بەشداربووانە دایکن یان باوکن و باڵادەستترن لە ئەندامەکانی‌تری خێزانەکانیان، ئەمەش ئەوە دەسەڵمێنێت کە تەمەن کاریگەری لەسەر شێوازی داواکردندا هەیە.

سەبارەت بە ئاستی خوێندەواری بەشداربووانیش دەبینین تا ئاستی خوێندەواری بەشداربووان بەرزتربێت ڕێژەی شێوازی داواکردنی ڕاستەوخۆ کەمتر دەبێتەوە، لە ئاستی خوێندەواری دبلۆم بۆ سەرەوە زیاتر شێوازی داواکردنی ناڕاستەوخۆیان بەکارهێناوە، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە ئاستی خوێندەواری کاریگەری لەسەر شێوازی داواکردندا هەیە.

هەرچی سەبارەت بە پلەوپایەی کۆمەڵایەتییە لەناو خێزاندا کوڕ و کچ زیاتر شێوازی داواکردنی ڕاستەوخۆ بەکاردێنن لە دایک و باوکەکان. کەواتە لە شیوازی نافەرمیدا ئاستی خوێندەواری زیاتر کاریگەریی لەسەر شێوازی داواکردندا هەیە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی تا چەند ئاستی خوێندەواری بەشداربووان بەرزتربێت شێوازی ڕاستەوخۆ کەمتر بەکاردێنن، چونکە لەناو خێزاندا شێوازی ناڕاستەوخۆ پەسەندترە بۆ دەربڕینی کردەی داواکردن.

 

ئەنجام

لە لێکۆڵینەوەکەماندا، بەشێوەیەکی گشتی گەیشتین بەم ئەنجامانەی خوارەوە:

-       لە زمانی کوردیدا هەموو ستراتیژییەکانی شێوازی داواکردن بەکاردێن. بەشێوەیەکی گشتی ڕۆنانە کۆمەڵایەتییەکان کاریگەرییان لەسەر شێوازی داواکردنی نافەرمیدا هەیە.

-       لە شێوازی نافەرمیدا ڕەگەزی نێر زیاتر شێوازی داواکردنی ڕاستەوخۆ بەکاردێنێت بەبەراوورد لەگەڵ ڕەگەزی مێ. لە شێوازی نافەرمیدا ئەو بەشدرابووانەی کە گەورەترین بەشداربوون لە ڕووی تەمەنەوە ڕێژەی (75%) شێوازی داواکردنی ڕاستەوخۆ بەکاردێنن، بێگومان ئەمانەش زیاتر دایک و باوکن لەناو خیزانەکاندا، واتە تەمەن کاریگەری لەسەر شێوازی داواکردندا هەیە.

-       لە شێوازی نافەرمیدا تا ئاستی خوێندەواری بەشداربووان بەرزتربێت ڕێژەی شێوازی داواکردنی ڕاستەوخۆ کەمتر دەبێت. لە شێوازی نافەرمیدا بەپێی جۆری ڕۆنانە کۆمەڵایەتییەکە ڕێژەی شێوازەکان دەگۆڕێت. لە شێوازی نافەرمیدا ئاستی خوێندەواری زیاتر کاریگەری هەیە لەسەر شێوازی داواکردن بە بەراوورد لەگەڵ ڕۆنانەکانی‌تردا، ئەمەش بەهۆی ئەوەی تا چەند ئاستی خوێندەواری بەشداربووان بەرزتربێت شێوازی ڕاستەوخۆ کەمتر بەکاردێت. لە شێوازی نافەرمیدا هەموو ستراتیژییەکانی شێوازی داواکردن بەکارهاتووە.

-       لە شێوازی نافەرمیدا منداڵەکان زیاتر لەدایک و باوک شێوازی ڕاستەوخۆ بەکاردەهێنن و لە بەراووردی نێوان کوڕ و کچدا، کوڕەکان بەڕێژەیەکی کەمتر لە کچەکان شێوازی ڕاستەوخۆ بەکاردەهێنن.

 

سەرچاوەکان

-       ئارا عەلی کوڕەمارکی، (2008)، کوتێن واتایا شێوازی بۆ هەڤ واتایا تەواو، چاپخانەی خانی، دهۆک.

-       ئارام عەبدولواحید حەمەڕەشید، (2013)، ڕێزگرتن لە زمانی کوردیدا، چاپخانەی لەریا، سلێمانی.

-       ئیدریس عەبدوڵڵا مستەفا، (2010)، شێواز و شێوازگەری، چاپخانەی ڕۆژهەڵات هەولێر.

-       بێریڤان محەمەد شەریف، (2010)، جۆراوجوریا زمانی ل دەڤەرا بەهدینان، نامەی ماستەر، کۆلێژی ئاداب، زانکۆی دهۆک.

-       پیتەر هاڵبیرگ و دانەرانی‌تر، (2010)، و. ئەنوەر قادر محەمەد، تیۆری ئەدەبی و شێوازناسی، مەڵبەندی کوردۆلۆجی، سلێمانی.

-       تاڵیب حوسێن علی، (2014)، زانستی زمان و زمانی کوردی، چاپخانەی ڕۆژهەڵات، هەولێر.

-       حەسەن عەلی ئیبراهیم، (2015)، داواکردن و ڕەتکردنەوە لەزمانی کوردیدا بەپێی تیۆری کردە قسەییەکان، نامەی ماستەر، کولێژی زمان، زانکۆی سەلاحەددین، هەولێر.

-       ژوان عەبدولسەلام عەزیز، (2014)، شێواز لە شیعرەکانی کامەران موکری لەژێر ڕۆشنایی قوتابخانەی (فیلۆلۆجی لیوشپیتزەر)دا، نامەی ماستەر، کۆلێژی پەروەردە، زانکۆی سەلاحەددین، هەولێر.

-       شعبان شعبان احمد، (2002)، شێوازی شیعری جزیری، نامەی ماستەر، کۆلێژی ئاداب، زانکۆی سەلاحەددین، هەولێر.

-       نعمت اللە حامد نهێلی، (2007)، شێوازگەری (تیوری و پراکتیک)، چاپخانەی حاجی هاشم، هەولێر.

-       هێمن عەبدولحەمید شەمس، (2006)، شێواز و دەربڕین لە بۆنە کۆمەڵایەتییەکاندا، نامەی ماستەر، کۆلێژی پەروەردە، زانکۆی کۆیە.

-       احمد الشایب، (1991)، الأسلوب، مکتبة النهضة المصریة، قاهرة.

-       بییرجیرو، (1994)، ترجمة منذر عیاش، الأسلوبیة، دار الحاسوب للطباعة، حلب.

-       فیلی ساندریس، (2003)، ترجمة خالد محمود جمعة، نحو نظریة أسلوبیة لسانیة، توزیع دار الفکر، دمشق.

-       منذر عیاش، (2002)، الأسلوبیة و تحلیل الخطاب، مرکز الإنماء الحظاري، حلب.

-     Eunice Mukonde, (2009), A pragmatic Analysis of Requests in Bemba, University of Zambia.

-     Gu Xiao-le, (2009), The Effect of Explicit and Implicit Instructions of Request Strategies, Harbin Institute of Technology, China.

-     Khalid Tag-Eldin, (2006), Realization Patterns of Request in Sudanese and English, University of Bahri, Sudan.

-     Maan MuhammedAubed, (2012), Polite Request in English and Arabic, College of Arts, University of Tikrit, Iraq.

-     Mhammed T. Aldhulaee, (2011), Request Miting Devices in Australian English and Iraq Arabic, Faculty of Arts and Education, Deakin University, Australian.

-     Xiuping Han, (2013), A Contrastive Study of Chinese and British English Request Strategies Based on Open Role-play, BinZhou Medical University, YanTai, China. 

 

 

الملخص

عنوان البحث (اسلوب الطلب غير الرسمي في اللغة الكوردية في التركيبة الاجتماعية ) ،وقد خصص البحث  لبيان اساليب الطلب غير الرسمي اخل المجتمع محافظة اربيل أنموذجا . يدخل البحث في اطار دراسات علم اللغة الاجتماعي ،اما منهج البحث فهو (المنهج التحليلي الوصفي ) ،وقد اخذت البيانات عبر استبيان وزعت على أفراد مجموعة عوائل من محافظة اربيل ،ولتحليل البيانات استعان الباحث ببرنامج (spass).

وقد حاول الباحث الاجابة عن عدة اسئلة  منها: كيفية اسلوب الطلب مابين المتكلم والمستمع داخل العائلة ؟ والاستراتيجيات المتبعة في هذا الاسلوب، وهل ان التركيبة الاجتماعية لها تأثيرعلى هذه الاساليب؟

اما خطة البحث :عبارة عن مبحثين: المبحث الاول: ركز على الجانب النظري حيث الحديث عن كيفية وانواع استراتيجيات الطلب، أما المبحث الثاني فقد حاول بيان اهم العوامل التي تؤثر على اساليب الطلب وقد تمثلت هذه العوامل في الجنس، الفئة العمرية للفرد، مستوى تعليم الفرد، الطبقة الاجتماعي للفرد.

 

 

 

 

Abstract

This research which is entitled (Informal request style in Kurdish language according to social structure) sheds light on request style within family in Erbil city.

The research as a part of sociolinguistics uses quantitative method. The research utilizes (analytic-descriptive) model and the data has been collected through a designed and specific questionnaire. At the same time (SPSS) program has been used in order to analyze the collected data which is a reliable program.

The research questions are; how is the process of request style between speaker and listener in a family? Which type of strategy has used? Do social structures have impact on request style?

The research has divided into two parts; the first part covers the theoretical background of request style and its strategies, the second part deals with the impact of gender, age, education and social class on informal request style in Kurdish language.

Key words: sociolinguistic, style, request strategies, social structure